یانەی ڕیاڵ بەلەدلوەلیدی ئیسپانیا فێرگەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

هەینی ٢٧ ی شوباتی ٢٠٢٦ بەڕێز دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سەردانی یانەی ڕیاڵ بەلەدلوەلیدی ئیسپانی کرد لە یاریگای یانەکە و لەگەڵ بەڕێز گابریێل سۆلارێس (Gabriel Solares) سەرۆکی یانەکە و ئەندامانی یانەکە کۆبوویەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز دارەوان حاجی حامید سوپاسی پێشوازی گەرمی ئەندامانی یانەکە کرد و پوختەیەکی دەربارەی هەرێمی کوردستان و ژوورەکانی بازرگانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئامادەبووان باسکرد. نوێنەری حکومەت باسی لە بەشێک لەو کارانەکرد، کە بوونەتە جێگەی بایەخی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە بوارەکانی؛ کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و زانکۆیی و وەرزشی هتد.  دواتر باسی پرۆژەکانی نوێنەرایەتی کرد لەگەڵ یانە وەرزشییەکانی ئیسپانیا و بە تایبەتی پرۆژەی (ڤیزیت کوردستانVisit Kurdistan ) و دەرکەوتنی ناوی کوردستان لە یارییەکانی جامی شای ئیسپانیادا.

هەردوولا دواتر بیرۆکەی کاری هاوبەشیان گەڵاڵەکرد، بەڕێز سۆلارێس ئاماژەی بە جامی ڕیاڵ بەلەدلوەلید دا، کە لە مانگی ئابدا ئەنجام دەدرێت و دەکرێت یانەیەکی  کوردستان یان هەڵبژاردەی کوردستان بانگهێشتی ئەو یارییە بکرێت. نوێنەری حکومەت ئەم بیرۆکەیەی زۆر لەلا پەسەند بوو و وتی لە نزیکترین کاتدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و فێدێراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەهێنێتە سەر خەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە، هاوکات باسیان لە یانەیەکی ئیماراتی کرد کە بەشداری لە خولەکەدا بکات و دەکرێت ناوی خولەکەش بنرێت Visit Kurdistan Cup.

بەڕێز گابریێل سۆلارێس وتی چونکە خۆی مەکسیکییە، لەگەڵ مارکێتی ئیسپانیادا، یانەکەیان کار لەسەر ماركێتی ئەمریکا و مەکسیک دەکات، ئەمەش دەکرێت لە ئەگەری کارکردنی هاوبەشدا ناوی هەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن بینەر و کڕیار لە داهاتوودا.

پاشان بەڕێز دارەوان حاجی حامید پێشنیاری کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێی کرد لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی دەرفەت بۆ بەهرەمەندانی کوردستان، بەڕێز سۆلارێس وتی یانەکەیان بە چڕی لە کیشوەری ئەفریقیا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی یاریزانی بەهرەمەند و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ یاریزانی ئەفریقی کە یانەکە دوای هەڵسەنگاندن لە ئەفریقاوە هێناونی بۆ ئیسپانیا ، لە تیپی یەکەمی ڕیال بەلەدلوەلید یارییان کردووە، هەر بۆیە کارکردن لە کوردستانی بەلاوە پەسەند بوو و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەماهەنگی کردن. نوێنەری حکومەت لەلای خۆیەوە باسی ئاسانکارییەکانی حکومەتی کرد بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.