کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن و پەیمانگای ئەیل مەدرید (AIL Madrid) کاردەکەن بۆ هێنانی قوتابخانە و کۆرسی زمانی ئیسپانی


چوارشەممە، ١١ ی ئازاری ٢٠٢٦ (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ئامادەبوو لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز (هاوژین حەسەن) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن و بەڕێز (کریس هاوۆرس Chris Haworth) دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگای ئەیل مەدرید (AIL Madrid) بۆ فێرکردنی زمانە بیانییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی کرد لە ئیسپانیا، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا، بەتایبەت ڕەخساندنی دەرفەتی فێربوونی زمانی ئیسپانی بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان. بەڕێز هاوۆرس کۆبوونەوەکەی بەرز نرخاند و سوپاسی نوێنەرایەتی کرد بۆ ئامادەبوونیان و وتیان؛ کە پەیمانگاکەیان ئەزموونێکی زۆری هەیە لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنی زمان و دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەت بکەن لەگەڵ کۆمپانیا پەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پەروەردەیی.
دواتر هەردوولا باسی ڕێکارەکانی هێنانی قوتابخانەی ئیسپانی و کۆرسی زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان کرا. بەڕێز هاوۆرس وتی؛ کە ئەوان وەک ئەیل مەدرید دەتوانن هاوکار بن بۆ هەماهەنگی کردن و ڕاهێنان و دابینکردنی مامۆستای شارەزا لە فێرکردنی زمانی ئیسپانی، هەروەها دەتوانن لە داهاتوودا خوێندکار و قوتابی بۆ هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی کۆرسی زمان لە مەدرید بۆ چەند مانگێک بخوێنن، ئەمەش دەکرێت یەکەم هەنگاوەکانی پرۆژەیەکی درێژخایەن بن لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەزگاکەیاندا. لە کۆتاییدا هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتەوە بۆ کارکردن پێکەوە و هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر گەڵاڵەکردنی یاداشتێکی لەیەک تێگەیشتن کە ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگترینیانە:
- هێنانی قوتابخانەی ئیسپانی و کۆرسی زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەیل مەدریدەوە.
- ئەیل مەدرید مامۆستا دابین دەکات و هاوکاری کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن دەبێت بۆ دابینی کردنی مامۆستا و ناوی ئەیل مەدرید و بەرنامەی کۆرسی زمان بۆ خوێندکاران و قوتابیان.
- کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن شوێنی کۆرسی خوێندن و مامۆستایان دابین دەکات.
- کۆمپانیای مایا بۆ پەوەردە و فێرکردن بەرپرس دەبێت لە هێنانی خوێندکار و قوتابی و ڕێکخستنیان بۆ فێربوونی زمان.
- بڕوانامەی باوەڕ پێکراوی ئایل مەدرید دەدرێت بە تەواوکردنی دەرچووان، کە ئەو بڕوانامەیە ڕێگە پێدراو دەبێت بۆ تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆکانی ئیسپانیا.

