کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن سوود لە ئەزموونی قوتابخانەی مۆنتۆسۆری مەدرید وەردەگرێت


پێنج شەممە، ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێزان (هاوژین حەسەن) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن و بەڕێز (لیۆنۆر مارچLeonor March ) دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری قوتابخانەی مۆنتۆسۆری مەدرید. هاوکات بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لە پێشکەوتنی سیستەمی پەروەردەی ناحکومی بۆ گەشەکردن و پەرەدان بە کەرتی پەروەردەی حکومی، بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەی دیدارەکە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی کرد لە ئیسپانیا، بەتایبەتی لە بەرەوپێش بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا.
بەڕێز لیۆنۆر مارچ باسی مێژووی قوتابخانەکەیانی کرد لە مەدرید و زانیاری بە ئامادەبووان بەخشی دەربارەی شێوازی پەروەردە و فێرکردنی قوتابخانەکەیان، کە شێوازێکی نموونەیی و جیاوازە و وتی؛ کە ستایلی پەروەردە و فێرکردنیان پشت دەبەستێت بە توێژینەوە زانستییەکان و تیۆرییەکانی ماریا مۆنتۆسۆری بۆ هەموو تەمەنەکانی خوێندن. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا:
- بیروڕا گەڵاڵەکرا بۆ پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی قوتابخانەکە لە کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا.
- قوتابخانەی مۆنتۆسۆری مەدرید لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتەوە کاری هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای مایا بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی قوتابخانەکەیان دەکات و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت.

