کۆمپانیای توولسی ئیسپانی و نوێنەرایەتی حکومەت کار بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

پێنجشەممە ٢٦ ی شوباتی ٢٠٢٦ بەڕێز دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز ئەلێکسیس ئاگیلار (Alexis Aguilar) سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمپانیای تەکنەلۆژیای زانیاری توولس (Toools)، لە باڵەخانەی کۆمپانیا لە شاری بەلەدلوەلید کۆبوونەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئاگیکار باسی کۆمپانیاکەی کرد کە گرنگی بە سیستەمی ئەلکترۆنی و بەئەلکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و جیهانی وەرزشکار دەکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمپانیاکە زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی هەیە و مەڵبەندییان لە بەلەدلوەلیدە، دواتر بەڕێزیان پرۆژەیەکیان نمایش کرد بۆ بە دیجیتاڵکردن و وەرگرتنی داتا لە یارییە وەرزشییەکان کە بەهۆیەوە کاغەز و قەڵەم و تۆمارکردن نەماون لە بواری وەرزشیدا و هەمووی بە دیجیتاڵکراون.

دواتر بەڕێزیان پرۆژەیەکیان پێشکەش کرد بۆ بە دیجیتاڵکردنی هەموو کایەکانی مامەڵەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان و هەمووی لەسەر یەک پلاتفۆرم و پلانی درێژخایەن بۆ پرۆژەکە و زۆر وردەکاری تر کە هەموو مامەڵەکان بە شێوەیەک ستاندارد دەکات و کاروباری هاوڵاتییان زۆر ئاسان و خێرا دەکات.

بەڕێز دارەوان حاجی حامید سەرسامی خۆی بە پرۆپۆزەڵەکە دەربڕی و ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەوە حکومەتی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە و بۆ ئەوەی هەنگاوی جدی بنێین بۆ بەدیهێنانی پرۆژەکە و کۆمپانیای توولس و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەت بەیەک ئاشنا دەکەن.

 دواتر بەڕێزیان پوختەیەکیان دەربارەی کارەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا و دیدگایان بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئیسپانیا خستەڕوو و لەگەڵ ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەناو هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدەن.

بەڕێز دارەوان حاجی حامید پرسیاری لە بەڕێز ئاگیلار کرد کە ئایا لەگەڵ هەرێم و وڵاتانی تر کردووە؟ لە وەڵامدا سەرۆکی توولس وتی کە لەگەڵ کۆمپانیا جیاوازەکانی بواری داتا و تەکنەلۆژیا کە بەشداربوون کە ئۆڵۆمپیاتدا، و پردی پەیوەندی نێوان زیاتر لە ٤٠ کۆمپانیای جیاواز بوون. دواتر نوێنەری حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستاندا چەندین کۆنفرانسی تەکنەلۆژی ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەوە لە داهاتوودا بەڕێز ئاگیلار و هاوکارانی لە توولس بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسانە دەکەن، ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان بە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی.