کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی گرانادا و بەرپرسی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی ئەندەلوس و سکرتێری گشتی و بەرپرسی پەیوەندییە گەشتیارییەکانی شاری (گرانادا)


شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا، بەسەرۆکایەتی خاتوو (ئەمەل جەلال)، بە یاوەری بەڕێز (دارەوان حاجی حامید)، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز (گرێگۆریۆ گارسیا) ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی گرانادا و بەرپرسی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی ئەندەلوس و سکرتێری گشتی و بەرپرسی پەیوەندییە گەشتیارییەکانی شاری (گرانادا) کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی ڕۆڵی ژوورە بازرگانییەکان کرا لە بنیات نان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری وڵاتان، لە نێویشیاندا سێکتەری گەشتیاری کە گرانادا نمونەیەکی زیندووە کە لە ئێستادا بووەتە وێستگەێکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و زانستی وڵاتی ئیسپانیا.
لەم ڕوانگەیەوە هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش لە بواری ڕاهێنانی مرۆیی و کۆنفرانسێک بۆ کۆمپانیا و خاوەن پرۆژە گەشتیاریەکان و ئاڵوگۆرکردنی شاندی هەردوولا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسێکی لێکتێگەیشتن لە نزیکترین کاتدا.


