ڕافایێل ڕۆدریگێز ڤییارینۆ سیناتۆری ئیسپانیا ئیدانەی هێرشە درۆنیەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی کرد


دوو شەممە ١٦ ی ئازاری ٢٠٢٦، ڕافایێل ڕۆدریگێز ڤییارینۆ، سیناتۆری دیاری ئیسپانیا ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت؛ سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان دەکات.
لە پەیامەکەدا هاتووە، سیناتۆر ڕافایێل ڕۆدریگێز بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە قبوڵنەکراو و ناڕەوایانە دەکات دژ بە خاک و قەوارەیەک، کە سیمبولی ئاشتی و ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی پڕ لە ئاڵۆزی.
جەختیشدەکاتەوە، ئەم ڕاگەیاندنە ئەمڕۆ زۆر گرنگە، چونکە رۆژی یادکردنەوە کارەساتێکی ئازاربەخشە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ئەمڕۆ یادی ٣٨ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکاتەوە بە گازە ژەهراوییەکان، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بوون بە قوربانی. کارەساتی هەڵەبجە لە لایەن سەدام حوسەینەوە فەرمان بە ئەنجامدانی کرا وەک پرۆسەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە کوردستان کە بە (ئۆپەراسیۆنی ئەنفال) ناسراوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەی ئیدانەی سیناتۆر رافایێل ڕۆدریگێز ڤییارینۆیە ….
سەرکۆنەکردنی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی – عێراق
لە پاش گفتوگۆم لەگەڵ بەڕێز (دارەوان حامید غەفار) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەربارەی ئەو دۆخە دژوارەی کە کوردستانی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت و بووەتە ئامانجی هێرشی ناڕەوا.
بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە قبوڵنەکراو و ناڕەوایانە دەکەم دژ بە خاک و قەوارەیەک کە سیمبولی ئاشتی و ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی پڕ لە ئاڵۆزی.
ئەم ڕاگەیاندنە ئەمڕۆ زۆر گرنگە، چونکە بەرواری یادکردنەوەی کارەساتێکی ئازاربەخشە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ئەمڕۆ یادی ٣٨ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکاتەوە بە گازە ژەهراوییەکان، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس بوون بە قوربانی. کارەساتی هەڵەبجە لە لایەن سەدام حوسەینەوە فەرمان بە ئەنجامدانی کرا وەک پرۆسەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە کوردستان کە بە (ئۆپەراسیۆنی ئەنفال) ناسراوە.
رافایێل ڕۆدریگێز ڤییارینۆ
ئەم پەیامەی سیناتۆر ڕافیل لە دوایی کۆبوونەوەی دووشەمە ١٦ ئازاری ٢٠٢٦ لەگەڵ دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا هات، کاتێک لە ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیا (سینات) کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سیناتۆر (ڕافایێل ڕۆدریگێز ڤییارینۆ) ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت، پوختەیەکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە خستەڕوو، جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگر و خوازیاری ئاشتییە لە ناوچەکەدا. هەروا گوتی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە، بەڵام هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر دامەزراوەو خەڵکی سڤیل و کونسوڵگەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان.
نوێنەری حکومەت هیوای خواست ئەنجوومەنی پیرانی ئیسپانیا (سینات) ئیدانەی ئەو هێرشە تێکدەرانە بکات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیسپانیا بکات بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکەوە فشار بکرێت و ئەو هێڕشە درۆنی و موشەکانە ڕابگیردرێن.
دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە ، ئەو بەیاننامەیە بڵاو کرایەوە.


