پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆ و نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن

٣٠ نیسانی ٢٠٢٦ لە مەدرید و لە بارەگای سەرەکی پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆ، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز دکتۆر (چارلس پاوڵ)، بەڕێوەبەری پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆ کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەڕێزیان خستەڕوو.

دواتر هەردوولا تیشکیان خستە سەر کاری هاوبەش لەگەڵ پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆ بە تایبەت کە سەرۆکی فەخری ئێستای پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆ خاوەن شکۆ فێلیپێی شەشەمی شای ئیسپانیایە. لەم ڕووەوە نوێنەری حکومەت ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بانگهێشتکردنی بەڕێزیان بۆ کۆنفرانسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چالاکییەکانی پەیمانگاکەیاندا، بۆ ئەو مەبەستەش پێکەوە بەرنامەیەکی گونجاوی هاوبەشیان گەڵاڵە کرد.