وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کاستیا لا مانچا پشتیوانی و هاوکاری خۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە


پێنج شەممە، ١٩ ی ئازاری ٢٠٢٦، (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لەگەڵ بەڕێز (خولیان مارتینێز لیزانJulian Martínez Lizán ) وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کاستیا لا مانچای ئیسپانیا لە تۆلیدۆی پایتەختی هەرێمەکە کۆبووەیەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە بەڕێزان (خۆسێ خوان فێرناندێز زارکۆ José Juan Fernández Zarco) بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی لادێکان و (ئێلێنا ئێسکۆبار سانشێز Elena Escobar Sánchez) بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی خۆراکی کشتوکاڵی و هەماهەنگی هەرێمی کاستییا لا مانچا ئامادەبوون، نوێنەری حکومەت پوختەیەکی دەربارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ بۆ بەڕێز خولیان مارتینێز باسکرد و جەختیکردەوە لەسەر گرنگی کەرتی کشتوکاڵ بۆ هەرێمی کوردستان پێشکەوتنەکانی لەم ڕووە و بەتایبەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئیسپانیا و گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەڕێز خولیان مارتینێز بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی کرد و هەندێک زانیاری دەربارەی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمەکە خستەڕوو و وتی؛ (کشتوکاڵ نزیکی لەسەدا ١٧ ی بەرهەمەکانی هەرێمەکە پێکدەهێنێت و یەکێکە لەو هەرێمانەی کە زۆرترین پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە لەم بوارەدا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی کوالیتییەوە و خاوەنی سێیەم گەورەترین بودجەین لە ئاستی هەرێمەکاندا). دواتر ئاماژەی بەوەدا کە کشتوکاڵی هەرێمی کاستییا لا مانچا بەهۆی پێشکەوتنە پیشەسازی و تەکنەلۆژییەکانەوە پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە و لە ساڵی ٢٠٢٥ دا نزیکەی ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ قازانجی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمەکە بووە، ئەو بەرهەمانەش بریتین لە زەیتون و پەنیر و چەرەسات و ئاژەڵداری و … هتد.
دواتر بەڕێز خولیان مارتینێز ڕایگەیاند، کە لە داهاتوودا نوێنەری حکومەت بانگهێشت دەکەن بۆ بینی بەڵگەکانی ئەو پێشکەوتنە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی کاری هەماهەنگی و ڕێکەوتن بۆ ئاڵوگۆرکردنی ئەزموونی کشتوکاڵی هەرێمی کاستییا لا مانچا و هەرێمی کوردستان و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ پێشوازیکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە سەردانی داهاتوویاندا بۆ ئیسپانیا. لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
- هەماهەنگی و ڕێکەوتن بۆ ئاڵوگۆرکردنی ئەزموونی کشتوکاڵی هەرێمی کاستییا لا مانچا و هەرێمی کوردستان و کاری پێکەوەیی و هاوبەش لە قۆناغەکانی داهاتوودا.
- ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا.
- بانگهێشتکردنی نوێنەرایەتی حکومەت بۆ پێشانگای ئامێر و ماشینی کشتوکاڵی لە هەرێمی کاستییا لا مانچا.
- ئاشناکردنی نوێنەرایەتی حکومەت لەگەڵ بەشی کشتوکاڵی زانکۆی کاستییا لا مانچا کە نوێگەری دەکەن لە بواری کشتوکاڵدا و توێژینەوە و کارەکانیان سوودیان بە کاروباری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کاستییا لا مانچا گەیاندووە.

