وەزارەتی پەروەردەی ئیسپانیا و نوێنەرایەتی حکومەت کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن

دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ڕایگەیاند، لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەت پێشوازیان لە شاندێکی وەزارەتی پەروەردە و وەرزشی حکومەتی ئیسپانیا کرد.
لە دیدارەکەدا لەگەڵ ڕاوێژکار ‘خافیێر تۆرێس هێرناندێز’ جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی پەروەردە و وەرزشی ئیسپانیا، پوختەیەکیان لەسەر کەرتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە خستەڕوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “دواتر باسمان لە چەند پلانێکی هاوبەشی پەروەردەیی لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ئیسپانیا و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەرنامەیەکی گونجاومان بۆ کاری هاوبەش دانا”.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەشڵێت، باسیان لە هێنانی مامۆستایان و کردنەوەی خول بۆ فێربوونی زمانی ئیسپانی کردووە، و هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ مامۆستایان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە.

دارەوان حاجی حامید باس لەوەشدەکات، “بۆ یەکەم جارە شاندێکی باڵای لەوشێوەیە لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ئیسپانیا سەردانی ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەکات”.