هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێڕاق سەردانی نوێنەرایەتی حکومەت دەکات و پرۆژەی هاوبەش تاووتوێ دەکەن

٤ ئایاری ٢٠٢٦ لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە بەڕێزان (هیشام ئەلجبووری) هەڵسوڕێنەری کاروباری (قائم بالأعمال) باڵیۆزخانەی عێڕاق لە ئیسپانیا و (ئەمین بەرزنجی) قونسوڵی عێڕاق لە ئیسپانیا.

لە دیدارەکەیاندا نوێنەری حکومەت باسی لە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و عێڕاق و هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێزیان باسکرد، تەوەرێکی تری گفتوگۆکەی نوێنەری حکومەت و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێڕاق لە ئیسپانیا تایبەت بوو بە کاری هاوبەش و چەند پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان نوێنەرایەتی حکومەت و باڵیۆزخانەی عێڕاق لە ئیسپانیا و دواتر پلانی کاری هاوبەش بۆ ساڵی ٢٠٢٦ کاری لەسەرکرا.

نوێنەری حکومەت سوپاسی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە و قونسوڵی عێڕاقی لە ئیسپانیا کرد کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانی پرۆژەکانیانن و هاوکات جەختی کردەوە کە ئەم شێوە کارکردنە ڕەنگدانەوەی هەبووە بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا و عێڕاق و هەرێمی کوردستان.