هەوڵ بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەدرێت بە مەبەستی وەرگرتنی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆکانی ئیسپانیا


پێنج شەممە، ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز (سەلومە یوسفیانSaloomeh Yousefian) بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی نێبریخا (Nebrija) بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی هەفتەی پەروەردەی ئیسپانیا لە مەدرید.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی لە ئیسپانیا کرد، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا و ویستی نوێنەرایەتی بۆ فەراهەمکردنی کورسی خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئیسپانیادا، دواتر بەڕێزان بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە تیشکیان خستەسەر ئەو پێداویستیانەی، کە بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان گرنگە و دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وەزارەتی پەروەردە خستە ڕوو.
بەڕێز یوسفیان باسی زانکۆکەیان و ئۆفەرەکانی خوێندن و زەمالە بۆ ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند، کە زانکۆکەیان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی و رۆژهەڵاتی ئاسیادا ئۆفیسیان هەیە و بە بایەخەوە دەڕواننە کردنەوەی ئۆفیس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆ ئەمەش هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی گونجاو دەبینن. هەردوولا تاووتوێی کردنەوەی ئۆفیسی فەراهەمکردنی زەمالە و کورسی خوێندن بۆ خوێندکار و قوتابیانی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی قوتابییە بەهرەمەندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ ئاست بەرزەکانی جیهاندا دەرفەتی خوێندنیان دەستبکەوێت. لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن کە:
- هەردوولا لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتەوە هەنگاوی داهاتوو بنێن بەرەو کاری هەماهەنگی.
- هەردوولا کاربکەن بۆ کردنەوەی ئۆفیسی کارگێڕی بۆ فەراهەمکردنی زەمالە و کورسی خوێندن بۆ خوێندکار و قوتابیانی هەرێمی کوردستان.

