نوێنەری حکومەت ئامادەی ٨٩ ساڵەی کارەساتی بۆردومانی شاری گرنیکا بوو


٢٦ نیسانی ٢٠٢٦ لە شاری گێرنیکای هەرێمی باسکی ئیسپانیا، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەشێک لە باڵیۆزی وڵاتان، ئامادەی یادکردنەوەی ٨٩ ساڵەی کارەساتی بۆردومانی شارەکە بوو کە لەلایەن هیتلەرەوە لە ٢٦ ی نیسانی ١٩٣٧ دانیشتووانەکەی کۆمەڵکوژ کرا.
لەو یادەدا نوێنەری حکومەت، بەناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا هاوخەمی قوڵی خۆی بۆ بەڕێز ( خۆسێ ماریا گۆرۆنیۆ ) پارێزگاری شارەکە دەبڕی و لە دیدارەکەدا نوێنەری حکومەت دووپاتی کردەوە کە کورد مێژوویەکی تاڵی هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە یادانەدا و نمونەی کارەساتی کیمایابارانی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ ئامادەبووان هێنایەوە کە زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی دەستی دڕندەیی ڕژێمی بەعس.
بۆیە لە دیدارەکاندا نوێنەری حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستیان بە ئەزموونی هاوڕێ ئیسپانیەکانیان هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مۆدێرن.
هاوکات لە پەراوێزی ئەم یادەدا تیمی نوێنەرایەتی ئاشنای چەندین کەسایەتی و دیپلۆماتی ئیسپانی بوون، وە تەوەرەی ئەم یادە بۆ ئەمساڵ کە چەندین وڵات ئامادەی بوون، پەیامی ئاشتی نێوان گەلان و ئەرکی یادکردنەوە بوو، لەبەرئەوەی کاتێک یادەوەری کاڵ دەبێتەوە، مێژوو دووبارە دەبێتەوە!
لە کۆتایی یادەکەشدا نوێنەری حکومەت چەپکە گوڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
