نوێنەرایەتی حکومەت و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی بەلەدلوەلید کۆبوونەوە

پێنج شەممە ٢٦ ی شوباتی ٢٠٢٦،  بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێ کارلۆس ماگدالێنۆ فێرناندێ (Carlos Magdaleno Fernández)، سەرۆکی یەکێتیی بازرگانانی بەلەدلوەلید (CEOE) کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە جێگر و ئەندامانی یەکێتییەکە ئامادەبوون، بەڕێز کالۆس ماگدالێنۆ بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ شارەکە و وتی؛ (دامەزراوەکەیان نوێنەری بازرگانان و کۆمپانیا گەورەکانی شارەکەن و ئەندامەکانیان بریتین لە کۆمپانیا گەورە و مامناوەند و بچووکەکانی شارەکە). هەروەها ئاماژەی بەوەکرد؛ نرخی ئەم دامەزراوەیە ئەوەیە کە دەتوانێت کار لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکاندا ڕێکبخات و جەختی کردەوە کە کۆمپانیا مەزنەکانی شارەکە لە سێکتەرەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا لە شارەکەدان وەک کۆمپانیاکانی ڕینۆ (Renault) و میشیلین (Michilin).

 دواتر ئاماژەی بەوەش کرد؛  زانکۆی شارەکە بەهرەمەند و کارمەندی زۆر سەرکەوتوویان بۆ دابین دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا بەهۆی سەرنجڕاکێشی هەرێمەکانی تری وەک مەدرید کێبڕکێیان بۆ دروستبووە بۆ خستنە سەرکاری کەسانی خەڵکی شارەکە و هەرێمەکە. هەروەها تیشکی خستە سەر سێکتەری خواردەمەنی و کشتوکاڵ لە هەرێمەکە و یەكێکن لە دەوڵەمەندترین هەرێمەکانی ئیسپانیا و کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی خواردن و بەروبوومی باشترین کوالیتی بۆ هاووڵاتیان. هەروەها لە سێکتەری بەرگری و سێکیوریتیدا زۆر پێشکەوتوون و کەتەلۆگێکی دەوڵەمەندی کاریان هەیە لەو بوارەدا.

نوێنەری حکومەت هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سوپاسی ئەم پێشوازییەی کرد بۆ ئامادەبووانی ڕوونکردەوە کە هەرێمی کوردستان ئارامترین شووێنی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاستە، دواتر تیشکی خستە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا و بە وردی باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕوونکردەوە، هاوکات تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری، بە تایبەت لە بوارەکانی (بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و خوێندنی باڵا و زانکۆیی و وەرزشی تەواوی بوارەکانی تر…). بەڕێز کارلۆس ماگدالێنۆ سوپاسی ئەو پوختەیەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە بواری گەشتوگوزاری مێژوویی و خۆراکەوە زۆر پێشکەوتوون و هەرێمەکە مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە و دەتوانن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کاری هاوبەش بکەن. لە بەرامبەردا بەڕێز دارەوان حاجی حامید باسی ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی ئابووری کرد لە مەدرید، کە بڕیارە لەماوەی داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئیسپانیادا ئەنجام بدرێت، کە تێیدا کۆمپانیا گەورە کوردستانییەکان بانگهێشتی ئیسپانیا دەکرێن بۆ ئەنجامدانی B2B و ئەندامانی یەکێتییەکەی بە فەرمی بانگهێشت کرد و وتیشی؛ کە دەکرێت لەگەڵ هەرێمی کاستییا لیۆنیشدا شتێکی هاوشێوە ئەنجامبدرێت.