نوێنەرایەتی حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری کاستییا لیۆن کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن


چوار شەممە ٢٥ شوباتی ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە لایەنی بەڕێز خاتوو (مار سانچۆ- Mar Sancho) جێگری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کاستییا لیۆن، پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە باڵەخانەی وەزارەت لە شاری بەلەدلوەلید بەڕێوەچوو، نوێنەری حکومەت هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سوپاسی ئەم پێشوازیەی کرد و کورتەیەک لە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی بۆ باسکرد، دواتر هەرێمی کوردستانی ئاشناکرد بە جێگری وەزیری ڕۆشنبیری هاوکات هەوڵەکانی حکومەتی لەبواری چاکسازی و بە دیجیتاڵکردن و مۆدێرنکردنی حکومەتی بۆ ڕوونکردەوە، وە خواستی خۆی بۆ ئاڵوگۆری ئەزموون و کاری هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری کاستییا لیۆن دووپات کردەوە،
لە لای خۆیەوە، بەڕێز مار سانچۆ چەند زانیارییەکی دەربارەی هەرێمی کاستییا لیۆنی بۆ ئامادەبووانی باسکرد و ڕایگەیاند کە هەرێمەکەیان گەورەترین هەرێمە لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەوروپا. لە ڕووی ڕووبەرەوە و دووەم هەرێمە لەسەر ئاستی ئەوروپا، هەروەها نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ژمارەی دانیشتوانەکەیەتی. بەڕێز سانچۆ وتی؛ (هەرێمەکەمان شوێنێکە بۆ هاوبەشیکردن و زۆر پێشکەوتووین لە ڕووی بەڕێوەبردنی کەلەپوور و گەشتوگوزاری مێژوویی). دواتر ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی ٤٠٠ مۆزەخانە و زیاتر لە ٥٠٠ قەڵا و ٢٣ هەزار ناوچەی شوێنەواری (ئارکیۆلۆژی) تێدایە. هەروەها هەرێمەکە کار دەکات بۆ بە دیجیتاڵکردنی کارەکانیان بۆ پاراستنی مێژوو و کەلەپوری هەرێمەکە و ئامادەیی خۆیانی نیشاندا بۆ کارکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و یاداشتی لەیەکتێگەیشتن و کاری هاوبەش بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیاری و ئەزموون.

