نوێنەرایەتی حکومەت و وەزارەتی ئابووری کاستییا لیۆنی ئیسپانیا کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن

پێنج شەممە ٢٦ ی شووباتی ٢٠٢٦،  بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز کارلۆس مارتین تۆبالینا ( Carlos Martín Tobalina ) جێگری وەزیری ئابووریی هەرێمی کاستییا لیۆن و بەشێک لە ڕاوێژکاران و تیمی وەزارەت کۆبوونەوە.

نوێنەری حکومەت بە وردی باسی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی دیجیتاڵی حکومەت وەک بایۆمەتری و دروستکردنی هەژماری بانکی و لایەنی ئابووری هەمەچەشنکردنی ئابووری کۆمپانیاکانی بۆ ڕوون کردنەوە. هاوکات لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە، کارئاسانی زۆر بۆ کۆمپانیاکان دەکرێت. دواتر نوێنەری حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنان بکەن بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

  • زەوییان بۆ دابین دەکات بێبەرامبەر بۆ دامەزراندنی کارگە.
  • بۆ ماوەی دە ساڵ لێخۆشبوون لە باجی سەر کۆمپانیاکان.
  • دەتوانن لە ڕێگەی کارتی بانکی پارەکانیان بگوازنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
  • ئاسانکاری تر بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکانیان دەکرێت.

لە بەرامبەردا بەڕێز کارلۆس تۆبالینا سەرسامی خۆی بە ئاستی پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشاندا و ئاماژەی بە لایەنەکانی لێكچوونی هەردوو هەرێمەکەدا، کە کاستییا لیۆن ڕووبەرەکەی ٩٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ٩ پارێزگای هەیە و تەنها ٢.٥ ملیۆن ژمارەی دانیشتوانەکەیەتی. داهاتی پارێزگاکە نزیکەی لەسەدا ٦ی سەرجەمی داهاتی ئیسپانیا پێکدەهێنێت و شەشەم گرنگترین هەرێمی ئیسپانیایە لە ڕووی ئابوورییەوە. هەروەها لە سێکتەرەکانی ئۆتۆمبیل و خزمەتگوزاری و لۆجیستیک و کشتوکاڵدا زۆر لە پێشن و لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمێکی زۆر خوێندەوارن و زۆرترین ڕێژەی بڕوانامەی باڵایان هەیە لەسەرتاسەری ئیسپانیادا. دواتر سەرنجی ئامادەبووانی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە هەرێمەکە زۆر کراوەیە بە ڕووی دەرەوەدا و هەناردەی زۆر زیاترە لە هاوردەکردنی کەرەستە جیاوازەکان. هەر بۆیە دەیانەوێت کار لەگەڵ هەرێم و وڵاتە جیاوازەکاندا بکەن.

دواتر بەڕێز کارلۆس مارتین ئاماژەی بەوەدا کە گرنگترین شت بۆ وەبەرهێنەری ئیسپانی سەلامەتی بواری ئەمنییە و نوێنەری حکومەتیش جەختی لەسەر سەلامەتی و ئارامی هەرێمی کوردستان کردەوە کە دەکرێت سەلامەتترین ناوچەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. دواتر بەڕێز کارلۆس مارتین وتی؛ (ئامادەن بۆ کاری هاوبەشی لە نێوان هەردوو لادا).