نوێنەرایەتی حکومەت و زانکۆی بەلەدلوەلید یاداشتی لە یەکتێگەیشتن واژۆدەکەن


هەینی ٢٧ی شووباتی ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە هەرێمی کاستییا لیۆن لەگەڵ بەڕێز (ئانتۆنیۆ لارگۆ کابرێریزۆ Antonio Largo Cabrerizo) سەرۆکی زانکۆی بەلەدلوەلید کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی (خۆشحاڵین کە پێشوازی لە نوێنەرێکی کورد دەکەین بە هیواین بتوانین پێکەوە بەرنامەی گونجاومان هەبێت). دواتر بەڕێزیان کورتەیەکیان لەسەر هەرێمی کوردستان و ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی خستەڕوو.
دواتر بەڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کورتەیەکی لە بارەی ئامانجەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی فێرکردنەوە لە داهاتوودا بۆ بەڕێز ئانتۆنیۆ لارگۆ باسکرد و بۆ ئامادەبووانی ڕوونکردەوە، کە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣وە دەستبەکاربووە ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەکاربوونیدا هەندێک پرۆژەیان جێبەجێکردووە لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیا بەڵام هەندێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکانیان ماوە بە ئەنجام بگەن.
نوێنەری حکومەت جەختی لەسەر گرنگی کردنەوەی بەشی زمانی ئیسپانی و ئاشناکردنی خەڵکی کوردستانی بە زمانەکە بە خەونی خۆی وەسف کرد و ئاماژەی دا بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ زانکۆکانی مورسیا و قۆرتوبا بە مەبەستی هەماهەنگی ئەکادیمی و فەرهەنگی و زانستی، دواتر ئاماژەی بە پرۆژەکانی تواناسازی دا کە چۆن قوتابییانی کورد بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان دەنێردرانە دەرەوە بۆ خوێندنی ماستەر و باسی سیستەمی بۆلۆنیا و ئێراسموس (Erasmus) دا کە لە ئێستادا لە زانکۆکاندا پەیڕەو دەکرێن.
بەڕێز ئانتۆنیۆ لارگۆ بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی کرد و سەرسامی خۆی بۆ کارەکانی حکومەت دەربڕی لە ماوەی رابردوودا. دواتر باسی زانکۆکەیانی کرد، کە یەکێکە لە کۆنترین زانکۆکانی ئیسپانیا و نزیکەی ٨٠٠ ساڵ تەمەنیەتی و ئامانجی زانکۆکە ئەوەیە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر ئاستی ئیسپانیا و جیهاندا هەردەم لە پێشەوە بێت. دواتر بەڕێز لارگۆ وتی؛ زۆر ڕێگای کاری هەماهەنگی هەیە کە هەردوولا دەتوانن دیراسەی بکەن، بۆ نموونە دەتوانن دیراسەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بکەن و بۆ ئەوەش داوای کرد ئەگەر بکرێت نموونەی یاداشتەکانی نوێنەرایەتی لەگەڵ زانکۆکانی مورسیا و قۆرتوبا ببینن، دواتر سەرۆکی زانکۆ وتی؛ لە لایەنی ئەکادیمییەوە، دەتوانن لە ڕێگەی پرۆگرامی ئێراسموسەوە (Erasmus) خوێندکار و قوتابی کورد لە زانکۆکەدا بخوێنن و ئاماژەی بەوەشدا، زانکۆکە لەگەڵ بانکی سانتاندەر زەمالەی خوێندن بۆ بڕوانامەی ماستەر دەدات بە قوتابیان کە ساڵانە هەزاران قوتابی داواکاری بۆ پێشکەشدەکەن و دەکرێت خوێندکار و قوتابیانی کورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. هەروەها وتی؛ هەندێک بەشیان هەیە بە زمانی ئینگلیزی و سەنتەری فێربوونی زمانیان هەیە و دەتوانرێت کاریان لەسەری بکرێت بۆ کردنەوەی بەشی زمانی ئیسپانی لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.
هەردوولا لە کۆتاییدا ڕێککەوتن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەشنووسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ئامادەبکەن و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کاری هەمەلایەنە لە داهاتوودا.


