نوێنەرایەتی حکومەت و دەزگای بەبازاڕکردنی هەناردەی کاستییا لا مانچا (IPEX)کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن


سێ شەممە، ١٧ ی ئازاری ٢٠٢٦، (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە تۆلیدۆی پایتەختی هەرێمی کاستییا لا مانچای ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز (پالۆما سانشێز گاریدۆPaloma Sánchez Garrido ) بەڕێوەبەری گشتی دەزگای بەبازارکردنی هەناردەی کاستییا لا مانچا (IPEX) کۆبوویەوە.
لە سەرەتادا بەرێز نوێنەری حکومەت پوختەیەکی دەربارەی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و گەشتیاری و ڕۆشنبیری و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەدیجیتاڵکردن و مۆدێرنکردنی کایەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان و ئامانجەکانی نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا و ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستانی بۆ باسکرد و ئاماژەیدا کە نوێنەرایەتی حکومەت لە ئێستادا کاردەکات بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بە بەشداریکردنی گەورە کۆمپانیاکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان.
بەڕێز پالۆما سانشێز بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی کرد و سوپاسی کرد بۆ سەردانکردنی هەرێمەکە و زانیارییەکانی دەربارەی هەرێمی کوردستان و وتی کە ئەوان پێشوازی لەهەموو دەرفەتێک دەکەن بۆ ئاشنابوون بە هەرێمی کوردستان و وتی (هەرێمی کاستییا لا مانچا چوارەم گەورەترین هەرێمە لە ڕووی پیشەسازییەوە و دەتوانین یارمەتیدەربین لە دۆزینەوەی دەرفەت بۆ هەماهەنگیکردن لە نێوان کۆمپانیاکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ڕووی کڕینی ماشین و ئامێرە پێشکەوتووەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان). دواتر بەرێز پالۆما سانشێز ڕایگەیاند کە وەزارەتی ئابووری هەرێمەکە لە کۆبوونەوەکە ئاگاداردەکاتەوە و کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوو هەرێمی کوردستان و کاستییا لا مانچا.
لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لەسەر:
- پەرەدان بە هەماهەنگی نێوان هەردوولا و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان.
- دەزگای بەبازارکردنی هەناردەی کاستییا لا مانچا (IPEX) هاوکاری نوێنەرایەتی بێت و هانی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمەکە بدات لە کۆڕبەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا.
- کارکردن بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی کاستییا لا مانچا لا داهاتوودا.

