نوێنەرایەتی حکومەت هاوکاری و پشتیوانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

چوارشەممە، ١١ ی ئازاری ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان:

  •  (نەژاد عەبدوڵا محمد) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی.
  • (سەلام حەسۆ پیرۆ) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی زاخۆ.
  • (سۆران عومەر موستەفا) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە.
  • (محمد ئەحمەد ئیبراهیم) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
  • (محمد کەریم صالح) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.
  • بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر سەرباری تەواوکردنی ڤیزەکەی لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیاوە، بەهۆی بارودۆخی تەندروستی نەیتوانی ئامادەی سەردانەکە بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی کرد لە ئیسپانیا، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا. شاندەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردنیان لە هەفتەی پەروەردەی ئیسپانیا و تاووتوێی ئامانجیان لە گەشتەکە کرد.

سەلام حەسۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، گرنگترین شت بۆ ئەو دروستکردنی پەیوەندیی پەروەردەییە لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیا و سوود وەرگرتنە لە ئەزموونیان و تێبینیکردنی شێوازی کارکردنیانە. محمد ئەحمەد، چەند ئامارێکی دەربارەی پەروەدەی گەرمیانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند، کە لە قوتابخانەکانی گەرمیاندا ١٩٣٠ خوێندکار و قوتابی پەروەردەی تایبەت هەیە و پێویستیان بە مامۆستای شارەزا هەیە لەم بوارەدا و دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرێت لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ خوێندکار و قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەتدا. محمد کەریم باسی لە گرنگی پەروەردەی پیشەیی کرد، کە لە ئیدارەی ڕاپەرین بەرەو لاوازی دەڕوات و ئاماژەیدا بە گرنگی بووژاندنەوەی پەروەردەی پیشەیی و ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا. سۆران عومەر بەڕێوبەری گشتی پەوەردەی هەڵەبجە  وتی؛ ئامانجی ئەو قوتابی و خوێندکارە بەهرەمەندەکانە کە دەیەوێت لە ڕێگەی سەردانەکەوە سوود لە ئیسپانیا وەربگیرێت بۆ دابینکردنی دەرفەتی خوێندن بۆیان. نەژاد عەبدوڵا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی دا بۆ پەرەدان بە کەرتی پەروەردە و ئامانجیان لە سەردانەکە ئەوەیە ئاگاداری دوایین نوێگەرییەکانی ئیسپانیا بن لە پەروەردەدا بۆ سوود وەرگرتن و پەرەپێدانی لە سلێمانی، ئەمە جگە هەوڵدان بۆ دابینکردنی کورسی خوێندن و زەماڵە بۆ وەبەرهێنان لە قوتابیان و خوێندکاران کە سەرمایەی مرۆیی کوردستانن. لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە میانەی سەردانەکەیاندا کاربکەن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

  • سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لە بواری پەروەردە و بینینی شێوازی کارکردنی خوێندنگە و قوتابخانەکان لە نزیکەوە.
  • کارکردن بۆ فەراهەمکردنی زەماڵەی خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیانی دەرچووی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی خوێندکارە بەهرەمەندەکان.
  • ئاشنابوون بە شێوازی مامەڵەکردنی ئیسپانیا لەگەڵ خوێندکار و قوتابی خوێندنی تایبەت و خاوەن پێداویستیدا.
  • ئاسانکاریکردن بۆ پەیمانگا تایبەتەکانی بواری پەروەردە بۆ ئەوەی قوتابخانەی ئیسپانی بهێنینە هەرێمی کوردستان بۆ فێرخوازان بۆ فێربوونی زمانی ئیسپانی.
  • هەوڵدان بۆ کۆرسی فێربوونی زمانی ئیسپانی بهێنینە هەرێمی کوردستان کە خواستێکی زۆری فێرخوازانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.
  • ئامادەکاری دەکەین بۆ وەرگرتنی خوێندکار و قوتابیان بۆئەوەی لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بێنە ئیسپانیا بۆ تەواو کردنی خوێندنی بە کالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا.