نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا و کاسا عەرەبی پلان بۆ کاری هاوبەش دادەنێن


سێشەمە ٣ ئازاری ٢٠٢٦ بەڕێز دارەوان حاجی حامید لەگەڵ بەڕێز، میگێل خۆسێ مۆرۆ ( Miguel José Moro Aguilar ) بەڕێوەبەری کاسا عەرەبی (Casa Árabe) کۆبوویەوە، لە دیدارەکەدا نوێنەری حکومەت لە ئیسپانیا پوختەیەکی لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە بۆ بەڕێزیان باسکرد و جەختی کردەوە کە، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەرێمی پێکەوە ژیان بووە و لانکەی ئاشتی بووە بۆ هەموو لایەک، هەربۆیە داوایی کرد لە بەڕێزیان و دامەزراوەکان پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکەن کە بەناحەق هێرشی ناڕەوا لە لایەن گروپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە دەکرێتە سەریان.
هاوکات هەردوولا باسیان لە کاری هاوبەش کرد لە نێوان کاسا عەرەبی و نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا، لە دیدارەکەدا سڵاوی بەڕێز دابان شەدەڵە بە بەڕێوبەری کاسا عەرەبی ڕاگەێنرا کە ساڵانێکی زۆر کاری هاوبەشیان پێکەوە ئەنجامداوە لە مەدرید. نوێنەری حکومەت خۆشحاڵبوو ئەو پەیوەندییە لەگەڵ بەڕێزیان نوێ کردەوە و جارێکی تریش بەناوی خۆیی و نوێنەرایەتی حکومەت سوپاسی کرد و پێی ڕاگەیاند کە کورد هەرگیز دۆستەکانی خۆی لەبیر ناکات بەتایبەت بەڕێزیان ساڵی ٢٠١٣ کاتێک جێگری دێسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا ڕۆڵی جوامێرانەی گێڕا لە هاوکاری کردنی نوێنەرایەتی حکومەت بۆ ڕێکخستنی دیداری جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی ئیسپانیادا.



