نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا و زانکۆی قورتۆبا یاداشتێکی لەیەک تێگەیشتنیان واژۆکرد


دوو شەممە ٩ی شووباتی ٢٠٢٦ لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی زانکۆی قۆرتوبا لە شاری قۆرتوبای سەر بە هەرێمی ئەندەلوسی ئیسپانیا، بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە لایەن بەڕێز مانوێل تۆرالبۆ ڕۆدریگێز (Manuel Torralbo Rodríguez) سەرۆکی زانکۆی قۆرتوباوە پێشوازی لێ کرا، بە مەبەستی کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بوارەکانی هەماهەنگی زانکۆیی نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو بەڕێزان مانوێل تۆرالبۆ ڕۆدریگێز (Manuel Torralbo Rodríguez) سەرۆکی زانکۆی قۆرتوبا و خاتوو (لونا سانتۆس ڕۆلدان Luna Santos Roldán) جێگری سەرۆکی زانکۆی قۆرتوبا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئامادەبوون. لە سەرەتادا لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و مانوێل تۆرالبۆ ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی کرد بۆ پێشخستنی پەیوەندییە زانکۆیی و زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا. دواتر بەڕێز دارەوان حاجی حامید سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ پێشوازیکردنیان و متمانەیان بە نوێنەرایەتی و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمە دووەم کۆبوونەوەیانە لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەمەش دەرخستەیەکی گرنگی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کورتی باسی چالاکییەکانی نوێنەرایەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پەروەردە و گەشتوگوزار کرد و ئاماژەی بەوەدا؛ لە ماوەی ڕابردوودا پێشوازییان لە چەندین شاندی باڵای هەرێمی کوردستان کردووە، کە دواترینیان بەڕێز جەنابی وەزیر سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بوو بۆ مەدرید، کە لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی حکومەتی ئیسپانیادا کۆبوویەوە و لەگەڵ چەندین کۆبوونەوەی تر لە ئاستی باڵادا.
بەڕێز مانوێل بە بایەخەوە دەربارەی دەستکەوتەکانی نوێنەرایەتی دوا و وتی؛ (چالاکییە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی لە ئیسپانیا ئاماژەیەکی دیاری بەرەوپێشچوونە لە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا). هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە زانکۆی قۆرتوبا گرنگییەکی زۆر بە ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش لە ئاستی خوێندنی باڵا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و ئاماژەی بەوەکردکە زۆر گرنگە کە هەردوولا بە پرۆژەی تۆکمە و بەهێزەوە پێکەوە کار بکەن.
بەڕێز تۆراڵبۆ جەختی لەسەر ویستی خۆی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە زانکۆی قۆرتوبا لە مانگی نیساندا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدات، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ناتوانێت پەیمانی درێژخایەن بدات، بەڵام لە ئەگەری هەڵبژاردنەوەیدا ئەوا بە دڵخۆشییەوە بەردەوامی بە پەیوەندییەکان دەدات. وتیشی؛ هەڵبژاردن کایەیەکی گرنگی دیموکراسییە و پێویستە هەمووان گرنگی پێ بدەین و ڕێزی لێ بگرین و دڵمان پێیخۆشبێت کە دەتوانین هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.
نوێنەری حکومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە هەڵبژاردنەکاندا و جەختی لەسەر گرنگی کارکردن و هەماهەنگی هاوبەش کردەوە بەتایبەت لە بواری کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئیسپانیا. دواتر نوێنەری حکومەت بانگهێشتی سەرۆکی زانکۆ قۆرتوبای کرد بۆ هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە سێكتەری پەروەردەی باڵا و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان.
پاشان هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە ئاستێکی نوێ.

