نوێنەرایەتی حکومەت ئاسانکاری دەکات بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ هێنانی کۆرسی زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان

سێشەممە، ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٦ (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی پێشوازی کرد لە بەڕێز (هاوژین حەسەن) بەڕێوەبەری کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن و شاندێکی یاوەریان، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەفتەی پەروەردەی  ئیسپانیا، ناسراو بە (AULA) سەردانی مەدریدیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی لە ئیسپانیا کرد، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا.

بەڕێز مامۆستا هاوژین حەسەن سوپاسی نوێنەری حکومەتی کرد بۆ پێشوازیلێکردنیان و جەختی لەسەر گرنگی کەرتی پەروەردە کردەوە و هیوای خواست کە بەشداریکردنیان لە هەفتەی پەروەردەی ئیسپانیا ببێتە دەستپێکی هەنگاوێکی گەورە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردەی لە هەرێمی کوردستاندا، هاوکات بەڕێزیان ئامانجی سەردانەکەی ڕوونکردەوە و وتی ئێمە ئامانجمانە کە،

  • قوتابخانەی ئیسپانی بهێنینە هەرێمی کوردستان بۆ فێرخوازان بۆ فێربوونی زمانی ئیسپانی.
  • کۆرسی فێربوونی زمانی ئیسپانی بهێنینە هەرێمی کوردستان، کە خواستێکی زۆری فێرخوازانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.
  • ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی خوێندکار و قوتابیان بۆ ئەوەی لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بێنە ئیسپانیا بۆ تەواو کردنی خوێندنی بە کالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا.
  • ئەوان ئامادەن ٦ زەمالە بدەین بە خوێندکار و قوتابی ئیسپانی بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی خوێندن تەواو بکەن، ئەم زەمالەیەش بە ئامانجی ئاڵوگۆری ئەزموون و کلتوری نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستاندایە.