نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرایەوە


نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦/١/٢٠٢٦ لە مەدرید، لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە ئامادەبوونی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراق و ستافی باڵیۆزخانەو ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە مەدرید، نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرایەوە.
لە وتارێکدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی دا بە گرنگی هەبوونی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە مەدرید و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق کراوەن بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی کردن.
دوای پێشکەشکردنی کورتەیەک لەبارەی ئاڵەنگارییەکانی پێشوو و ئێستای ناوچەکە، بەڕێزیان بەبیری ئامادەبووانی خستەوە کە گرنگە ڕۆژانە ئاشتی و دۆستایەتی هەڵبژێردرێت لە جیاتی توندوتیژی تاکوو ئایندەیەکی گەش بەرقەراربێت.
لە پەراوێزی کردنەوەی نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتی، سەفین موحسین دزەیی چەند دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیا و دیپلۆماتکارو پارتە سیاسییەکان و بازرگانان ئەنجامدا.
















