لە مەدرید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیای کرد


لە مەدرید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیای کرد
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦-١-٢٠٢٦ لە مەدرید، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیای کردو لەلایەن دیێگۆ مارتینێز بێلیۆ، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە ئامانجی ئەو سەردانە بۆ ئیسپانیاو سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێم کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کەلتووری.
بەڕێزیان پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە پێشکەش کردو هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی لەمەڕ پرسەکان خستەڕوو.
دیێگۆ مارتینێز بێلیۆ خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی نیشاندو جەختی لە گرینگی و بایەخی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدڕاڵ کردەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا لە ڕوانگەی ئێمەوە عیراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار هەژمار ناکرێن. بۆیە دەرفەتی کارو وەبەرهێنان بۆ هەردوولا لە ئارادایە.
هەردوولا خواستی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و کەلتووری دوولایەنەیان دەربڕی و باسیان لە بایەخی گرێدانی کۆڕبەندی ئابووری و گەشتوگوزارو زانکۆو سەردانە فەرمییەکانی نێوانیان کرد.




