لە مەدرید، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیای کرد


لە مەدرید، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیای کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨-١-٢٠٢٦ سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هیشام ئەلجبووری هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە ئیسپانیا و د. دارەوان حاجی حامد نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیایان کردو لەلایەن سیناتۆرانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خاتوو ئانا بێلتران ڤیالبا و لووک ئوریبێ ئێتخێباریا ئاپالەتێگی و جۆسو ئێستارۆنا ئێلیزۆند پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندی ئابووری و کەلتووری نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێ کرا
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بە سیستمی حکومڕانی ئیسپانیا کرد و هیوای خواست عیراقی فیدڕاڵ سوود لەو ئەزموونە وەرگرێت.
دواتر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق باسی لێوەکرا.
ئەندامانی سەنات سوپاسی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیان کرد بۆ ڕۆلی سەرەکیان دژی داعش و بۆ هەڵبژاردنی دیالۆگ و پشتیوانی کردنی دیموکراسییەت بەسەر توندوتیژیدا لەم سەردەمە هەستیارەدا.
بەڕێز بەرپرسی فەرمانگە پوختەیەکی دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی پێشکەش کرد و هەردوو لایەن باسیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و عیراق و هەرێمی کوردستان کرد، لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان.

