قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی شاری قورتۆبا و هەرێمی کوردستان ڕوولە زیادبوونە

دوو شەممە ٩ی شووباتی ٢٠٢٦ لە بارەگای ژووری بازرگانی شاری قورتۆبای سەر بە هەرێمی ئەندەلوسی ئیسپانیا، بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لە لایەن بەڕێز (ئانتۆنیۆ دیاز کۆردۆبا) سەرۆکی ژوور و یاوەرانی پێشوازی لێکرا.

ئامانج لە کۆبوونەوەکە لێكتێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی بوو لەنێوان ژووری بازرگانی قوتورتوبا و ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی ئابووری لەنێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێزان (ئانتۆنیۆ دیاز کۆردۆبا Antonio Diaz Córdoba) سەرۆکی ژووری بازرگانی قورتۆبا و خاتوو (لۆردێس فێرناندێز دێ کاستییێخۆ Lourdes Fernandez de Castillejo) بەرپرسی کاروباری هاتووچۆی ژووری بازرگانی، خاتوو (کارمێن گاگۆ کاسترۆ Carmen Gago Castro) سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی قۆرتوبا و بەڕێز (ڕافایێل ڕێیێس نیێڤێز Rafael Reyes Nieves) بەرپرسی بازرگانی دەرەوەی ژووری بازرگانی قۆرتوبا ئامادەبوون. سەرەتای کۆبوونەوەکە، بەڕێز ئانتۆنیۆ دیاز بە گەرمی بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و بەڵگەنامەیەکیان خستە بەردەست دەربارەی ئامارەکانی کار و بزنسی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

نوێنەری حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی نوێنەرایەتی ئەوەیە، کە قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیسپانییەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ژووری بازرگانی ئیسپانیا و وەزارەتەکانی ئیسپانیا چەندین کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دراون. دواتر نوێنەری حکومەت پوختەیەکی ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئامادەبووان باسکرد و هانیدان لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکانەوە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەتی لە سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری و وزە (وزەی خۆر) و ڕاهێنانی پیشەیی. هەروەها بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە دا، کە لە مانگی نیساندا کار بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی ئابووری لە مەدرید دەکەن، لەنێوان ژوورەکانی بازرگانی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و ژوورە بازرگانییەکانی ئیسپانیا، بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەخۆ B2B.

بەڕێز ئانتۆنیۆ دیاز سەرسامی خۆی دەربڕی بە زۆری ئامانجەکانی نوێنەرایەتی حکومەت و دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئاسانکارییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەو دۆکیومێنتەدا کە ئامادەیان کردبوو، کە تێیدا بە داتا زانیاری وردی دەربارەی ئاستی وەبەرهێنان و بازرگانی لە قورتۆبا تێدا خرابووە ڕوو. دواتر ڕایگەیاند کە ژووری بازرگانی قورتۆبا پێخۆشحاڵ دەبێت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئابووری لە مەدرید و دەرفەتی ئەنجامدانی B2B لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستاندا.