فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی هەرێمی باسکی ئیسپانیا بە بێ جیاوازی پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن

چوارشەمە 22 ی نیسانی 2026، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز (باکارچۆ تێخێریا) سەرۆکی پەرلەمانی باسک، لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی دەرەوە و فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی باسک کە پێکهاتبوون لە فراکسیۆنی پارتەکانی (سۆسیالیستی ئیسپانیا، پارتی گەل، پارتی نیشتیمانی باسک ، پارتی ڕاستی باسک) و هەریەک لە بەڕێزان نایارا بێدیالاونێتیای سەرۆکی کۆمسیۆن و بەڕێزان خۆرخێ خوێز ئۆرتیز، ئیرونێ زولوئاگا، ئایتۆر ئوروتیا، و لامیا ئارکاس نۆگالێس، کۆبوویەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت بە وردی جگە لەوەی پوختەیەکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە، جەختی لەسەر گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و هەرێمە جیاوازەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و هەرێمی باسک کردەوە و هاوکات داوای کرد کە پەرلەمانی هەرێمی باسک ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە ئامادەبووان دەربارەی دۆخی ئێستای ناوچەکە پرسیار و بۆچوونی تایبەتیان هەبوو، خۆشبەختانە زانیاری پێویستیان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە پێدرا، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کاری هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی باسکی ئیسپانیا، لە بەرامبەردا فراکسیۆنە جیاوازەکان خۆشحاڵی خۆیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرایەتی دەربڕی و زۆر بە گەشبینی و لایەنی ئەرێنی باسیان لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی خاڵ بە خاڵی کۆبوونەوەکە و چەند پرۆژەیەکی هاوبەشکرد.

هاوکات نوێنەری حکومەت جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بێلایەنە لەم شەڕەدا و داوای پشتیوانی هاوڕێ ئیسپانیەکانی کرد لەم ڕووەوە.

دواتر باس لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل کرا و لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ باس لە ناچاری خەڵک کرا کە بیر لە کۆڕەوی و پەنابەری دەکەنەوە و بەشێکی زۆریان ڕووە و ئەوروپا کۆچ دەکەن، لەم ڕووە نوێنەری حکومەت بەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە ئەوروپا لە ئێستادا خۆی کێشەی پەنابەری هەیە، ئەگەر خەڵکی دیکەش زیادببن ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن.