سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باسکی ئیسپانیا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

چوارشەمە 22 ی نیسانی 2026، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێز (باکارچۆ تێخێریا) سەرۆکی پەرلەمانی باسک کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت پوختەیەکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و هەرێمە جیاوازەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و هەرێمی باسک بۆ بەڕێزیان باسکرد. دواتر نوێنەری حکومەت داوای کرد کە پەرلەمانی هەرێمی باسک ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیانە بکات کە بەبێ هۆکار دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە هەموو لایەکەوە فشار دروستبکەن بۆ ڕاگرتنیان.

هاوکات نوێنەری حکومەت جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بێلایەنە لەم شەڕەدا و داوای پشتیوانی هاوڕێ ئیسپانیەکانی کرد لەم ڕووەوە.

دواتر باس لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل کرا و لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ باس لە ناچاری خەڵک کرا کە بیر لە کۆڕەوی و پەنابەری دەکەنەوە و بەشێکی زۆریان ڕووە و ئەوروپا کۆچ دەکەن. بۆیە ئەوروپا لە ئێستادا خۆی کێشەی پەنابەری هەیە، ئەگەر خەڵکی دیکەش زیادببن ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت کرابوو بە کاری هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی باسکی ئیسپانیا، لە بەرامبەردا بەڕێز (باکارچۆ تێخێریا) سەرۆکی پەرلەمانی باسک خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری حکومەت دەربڕی و زۆر بە گەشبینی و لایەنی ئەرێنی باسی لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی خاڵ بە خاڵی کۆبوونەوەکە و چەند پرۆژەیەکی هاوبەشکردووە.