سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیا

لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەیان بۆ وڵاتی ئیسپانیا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی خاتوو (ئەمەل جەلال) سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و شاندی یاوەری، لەگەڵ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید)، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیایان کرد و لە لایەن (پاتریک تۆرێنت) سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیاوە پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا خواستی پەرەپێدانی کاری گەشتوگوزار لە نێوان هەردوولا گفتوگۆی لە بارەوەکرا، لەم ڕووەوە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیا و شاری بەرشەلۆنە ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ یاداشتی لەیەک تێگەیشتن و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتیاریەوە.

نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا بە ڕەچاوکردنی یاساکانی وڵاتی ئیسپانیا کاربۆئەوە دەکات کە بەشێوەێکی فراوان لەگەڵ هەرێمەکانی ئیسپانیا لە سەرجەم بوارەکاندا پەیوەندیەکانی گەشەی زیاتر پێبدات، بەتایبەت لە بواری گەشتووگوزار و کشتوکاڵ و هونەر و کلتور و زانکۆی و بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و هیتر.