زانکۆی کۆمپلوتانسی مەدرید پشتیوانی خۆی بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن دووپاتدەکاتەوە

هەینی ١٣ی ئازاری ٢٠٢٦ (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ئامادەبوو لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز دکتۆر (ئیزابێل دوران خیمینێز ریکۆIsabel Durán Giménez Rico ) ڕاگری کۆلێژی زمانەوانی زانکۆی کۆمپولتانسی مەدرید و بەڕێز (هاوژین حەسەن) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن لە بینای کۆلێژی زمانەوانی زانکۆی کۆمپولتانسی مەدرید.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی کرد لە ئیسپانیا، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا، بەتایبەت ڕەخساندنی دەرفەتی فێربوونی زمانی ئیسپانی و فەراهەمکردنی کورسی خوێندن و زەمالە بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دواتر بەڕێز ئیزابێل دوران باسی کارەکانی بەشی زمانەوانی زانکۆکەیانی کرد و ڕایگەیاند، کە بەشەکەیان لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە ٤ هەزار قوتابی و خوێندکارن و زیاتر لە ٢٤ زمانی تێدا دەگوترێتەوە وەک زمانەکانی عەرەبی و فارسی. هەروەها وتی؛ کە لەگەڵ زۆر دەزگای کەرتی حکومی و تایبەتدا هەماهەنگی دەکەن بۆ فێرکردنی زمانی ئیسپانی و زیاتر لە هەزار قوتابی و خوێندکاریان هەیە کە لە بەشی زمانی ئیسپانی وەک زمانی دووەم دەخوێنن و  بەشەکەیان زیاتر لە ٣١٥ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە لە سەرتاسەری جیهاندا و ئامادەن بۆ کاری هەماهەنگی. لە درێژەی کۆبووەنەوەکەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە تاووتوێ کران:

  1.  هەردوولا تاووتوێی فەراهەمکردنی کورسی و زەمالەی خوێندیان کرد بۆ خوێندکار و قوتابیانی هەرێمی کوردستان.
  2.  لە ڕێی نوێنەرایەتی حکومەتەوە کاری هەماهەنگی بکەن بۆ هێنانی زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان.
  3. زانکۆی کۆمپولتانسی مەدرید دەتوانێت مامۆستای شارەزای زمانی ئیسپانی و دەرچووی زانکۆکەیان دابین بکەن بۆ وانە وتنەوە و فێرکردنی زمانی ئیسپانی لە هەرێمی کوردستاندا.