شاندی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ناوچەی گەشتیاری (ئەلهامبرا)ی کرد


دوابەدوای کۆبوونەوەکانی شاندی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی شاری (گرانادا)، لەسەر پێشنیاری بەرپرسی گەشتیاری گرانادا، شاندەکە ناوچەی گەشتیاری (ئەلهامبرا)ی بەسەرکردەوە.
شایانی باسە، ئەلهامبرا، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی میراتی عەرەب لە ئەوروپا. ئەم کۆمەڵگە کۆشکە لە ماوەی سەدەی ١٣ ی زایینیدا لەلایەن شانشینی نەسریدەوە دروستکراوە. دیزاینی تەلارەکان، تێکەڵەیەکی ناوازەی تەلارسازی و هونەر و سروشتن. بە دیزاینە سەرنجڕاکێشەکەی کە تایبەتمەندی دیزاینی ئیسلامی و هوڵکۆڵین و مۆزاییک و ئەندازە و خۆشنوسی عەرەبی، تەلاری شوێنەواری ئەلهامبرای ئاوێتەی دەوروبەرەکەی کردووە و بووە بە کاراکی نایابی هونەری.
ئەلهامبرا، جگە لە بەها تەلارسازییەکەی، ڕەنگدانەوەی شکۆمەندی کولتووری و زانستی هەرێمی ئەندەلوسە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. لە ساڵی ١٩٨٤ یونسکۆ وەک میراتی جیهانی ناساند، ئەمەش داننان بو بە گرنگی مێژوویی و هونەرییەکەی لەسەر ئاستی جیهان.


