دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئیسپانیا (کۆنگرێس) لە لایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئیسپانیا پێشوازیی لێکرا

ئەمڕۆ ٢١ نیسانی ٢٠٢٦ لە پەرلەمانی ئیسپانیا و لە مەدریدی پایتەخت، دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئیسپانیا (کۆنگرێس) لە لایەن بەڕێز (سوسانا ڕۆس) سەرۆکی کۆمسیۆنی هاریکاری نێودەوڵەتی پەرلەمانی ئیسپانیا و فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە پەرلەمانتاران ( سوسانا ڕۆس سەرۆکی کۆمسیۆن و پێپی لۆسادا لە پارتی سۆسیالیست و کارمێلۆ باریۆس و خاڤیێر نۆریێگا لە پارتی گەل و ئیسیدر گاوین، جونتس کەتەلۆنیا و کریستینا ڤالیدۆ، هاوپەیمانی کەناریاس و ڤیڤیان ئۆگۆ کۆربی گروپی پارتی سومار و هێلێنا بۆیرا، ڕاوێژکاری یاسایی) بەڕێز دکتۆر عەلی کازم نوێنەری باڵیۆزخانەی عێڕاق تێیدا ئامادەبوون، نوێنەری حکومەت بە وردی پوختەیەکی لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بۆ باسکردن، دواتر نوێنەری حکومەت ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە، لەم ڕووەوە داوای کرد کە پەرلەمانی ئیسپانیا هاوکار بێت و ڕۆڵی خۆی بگێرێت وەک دەنگێکی ڕێزلێگیراوی ناتۆ فشار دروست بکات بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە درۆنیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی ئەم هێرشانە ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی وزە و ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج.

نوێنەری حکومەت جەختیکردەوە لەوەی ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر بەرهەم هێنانی نەوت و غازیش هەبووە و ئەگەر ئەم هێرشانە بەم شێوەیە بەردەوام بن کاریگەری نەرێنی ئابووری لە ناوچەکە دروست دەکات، بۆ ئەمەش نمونەی کۆمپانیای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانی هێنایەوە، کە بە هاوکاری کۆمپانیای ئێندرای ئیسپانی دروست کراوە و بەرژەوەندی ئەوانی تێدایە، لە ئێستادا لە ژێر هەڕەشەیە.

جگە لەمەش لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ باس لە ناچاری خەڵک کراوە کە بیر لە کۆڕەوی و پەنابەری دەکەنەوە و بەشێکی زۆریان ڕووە و ئەوروپا کۆچ دەکەن. بۆیە لە ئێستادا ئەوروپا خۆی کێشەی پەنابەری هەیە، ئەگەر خەڵکی دیکەش زیادببن ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردن لە کردنەوەی قونسوڵخانەی گشتی ئیسپانیا لە هەرێمی کوردستان و کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە نێوان هەردوولادا، لە بەرامبەردا بەڕێز ( سوسانا ڕۆس) سەرۆکی کۆمسیۆنی هاریکاری نێودەوڵەتی پەرلەمانی ئیسپانیا و کۆی پەرلەمانتاران زۆر بە گەشبینی و ئەرێنی باسیان لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی خاڵ بە خاڵی کۆبوونەوەکە کرد و دواتر هەر یەک لە پەرلەمانتارە ئامادەبووەکان ڕاوبۆچوونی خۆیان بۆ کاری هاوبەش خستەڕوو.

لە کۆتایی دیدارەکەدا نوێنەری حکومەت سوپاسی پێشوازی گەرمی بەڕێزیانی کرد کە لەم دۆخە هەستیارەدا دەرگای پەرلەمان لە بەرزترین ئاستدا بۆ نوێنەرایەتی حکومەت دەکەنەوە و کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە کۆتایی هات.