جێگری وەزیری پەروەردەی کۆمەڵگەی مەدرید و شاندی وەزارەتی پەوەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی کاری پەروەردەیی هاوبەش دەکەن

هەینی، ١٣ ی ئازاری ٢٠٢٦ بەڕێز (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز (خۆسێ کارلۆس فێرناندێز José Carlos Fernández ) جێگری وەزیری پەروەردەی هەرێمی مەدریدی ئیسپانیا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت باسی ئامانجەکانی نوێنەرایەتی کرد لە ئیسپانیا، بەتایبەتی لە بەرەوپێشەوە بردنی کەرتی پەروەردە و گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پوختەیەکیان لەسەر کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و ئەو پێداویستییانەی کە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە پێویستە خستە ڕوو.

دواتر باس لە بەرنامەی قوتابخانەی زمانی ئیسپانی لە هەرێمی کوردستان و کۆرسی زمانی ئیسپانی کرا و هەروەها جەخت لەسەر پڕۆگرام و پلانێکی پەروەردەیی کرایەوە بەئامانجی خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە و خوێندکاران و مامۆستایان و پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە بە گشتی لە هەرێمی کوردستان، کە لە داهاتوودا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕێز خۆسێ کارلۆس فێرناندێز خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند؛ وەک وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی مەدرید ئامادەن بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی نوێنەرایەتی حکومەتەوە بۆ کاری هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هەماهەنگی پەروەردەیی لەنێوان هەردوولادا. لە کۆتاییدا هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:

  1. کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و هەرێمی مەدرید لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتەوە.
  2. بەردەوامی پەیوەندییەکان بۆ هاریکاری و کاری پێکەوەیی لە نێوان هەردوو لادا.
  3. کارکردن بۆ فەراهەمکردنی کورسی خوێندن و زەمالە بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی هەرێمی مەدرید.
  4. بەشداری کردنی کۆنفرانسە هاوبەشەکانی پەروەردە لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی کۆمەڵگەی مەدرید لە داهاتوودا.