بواری خوێندنی باڵا لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢/٢/٢٠٢٦ بە هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و پاڵپشتی و هەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆی قورتۆبا واژۆکرد.

دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەت تیشکی خستەسەر گرنگی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەو گوتی: ئەم جۆرە یاداشتانە یەکێکن لە کاریگەرترین بوارەکانی دیپلۆماسی، پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەبەنە قۆناغێکی نوێ ترەوە، دەرفەتێکی گرنگیش لە بواری زانکۆیی بۆ خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن، نوێنەرەکەی حکومەت جەختی کردەوە کە ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی بواری خوێندن و توێژینەوی زانستی و ساڵانە لە ڕێگەی زانکۆکانەوە سەرجەم داهێنانەکانیان تێکەڵ بە کەرتی گشتی و تایبەتی دەکرێت.

لە سێ مانگی ڕابردوودا نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا ئەمە دووەم یاداشتی لەیەک تێگەیشتنە واژۆی دەکات لەگەڵ زانکۆکانی ئیسپانیا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بەگشتی و بواری خوێندنی باڵا و وەزارەتی خوێندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندی باڵای حکومەتی ئیسپانیا بەتایبەتی.