ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆنفرانسێکی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا و وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا


سێشەممە، ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٦، (دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی پێشوازی کرد لە بەڕێز (داڤید باڵسا) کەسایەتی سیاسی و دیاری هەرێمی گالیسیای ئیسپانیا.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حکومەت سوپاسی بەڕێز بالسای کرد بۆ پاڵپشتیکردن و هەوڵەکانی بۆ ئاشناکردنی ڕای گشتی ئیسپانیا و سیاسەتمەداران بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڕێز داڤید باڵسا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردنی بۆ سەرخستنی کۆڕبەندی ئابووری (ئیسپانیا-کوردستان) و هەروەها بەڕێزیان ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا کار بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسێک دەکات لە نێوان ئەمریکای لاتینی و ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەت خواستی ئەوەیە کە کۆنفراسنێک لە هەولێر یان لە سلێمانی ڕێکبخات بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییە
ناودارەکانی ئەو وڵاتانە، هاوکات بەڕێزیان باسی لەوە کرد ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هۆی کرانەوەی دەرگایەکی نوێی بازرگانی بە ڕووی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا و ئەمریکای لاتیندا.
